دۆزینەوەى مێژووە ونبووەکانى تاک، لە سەدەى دیکتاتۆرەکاندا

 خوێندنەوەیەک بۆ رۆمانى (1984)ى جۆرج ئۆروێل
نووسه‌ر:ئارام سدیق

هەرکاتێک رۆمانێکى نوێ دەخوێنمەوە، ئەوە دێتە بیرم بۆچى مرۆڤ رۆمان دەنوسێ؟ ئایا گرنگى نوسینى رۆمان لەچى دایە؟ یان بۆچى لەسەرەتاى پەیدابوونى نووسینەوە مرۆڤ لە تەک شیعردا رۆمانیشى نەدەنوسى؟ بێگومان وەڵامى ئەم پرسیارانە هێندە ساکار نییە، بەڵام گەڕان بەدواى وەڵامى پرسیارگەلى لەم جۆرە وەزیفەى مرۆڤەو ئەو وەڵامانەش تەنها تێکستە جوانەکان دەتوانن بیدەنەوە، ئەو تێکستانەى خەون و روانینى نوآ لە هزرماندا دەخولقێنن. میلان کۆندێرا دەربارەى مێژووى رۆمان دەڵێت: هونەرى نوسینى رۆمانى ئاڵۆز و گران تا ناوەڕاستى سەدەى نۆزدەیەم سەرى هەڵنەداوە ئەوکات تەرزە رۆمانێک دەرکەوت. واتە کۆندێرا پێیوایە مێژووى رۆمان هێندە دوور نییە لێمانەوەو ئەوەیشى پێشتر نوسراون رۆمانى ساکار بوون، یان بەناو رۆمان بوون. دەکرێت لێرەدا بگەڕێینەوە.

بۆ ئەو پرسیارەى سەرەتا کردمان کە رۆمان چیە؟ عەبدولڕەحمان مونیف دەڵێت: رۆمان بەتەنیا گوزارشتکردن نیە لەخودو بەتەنیا پێشکەشکردنى دانپیانانێک نییە، سەرەڕاى گرنگى ئەو دوو رەگەزە، ئەرکى رۆمان بنیاتنانى جیهانێکى تەواونییە بەهەموو لایەن و دژوارى و ململانێکانیەوە. “راوی”ش یەکە یەکە لە نێو چەندین یەکەى تردا. هەرلەم بارەیەشەوە کۆندێرا دەڵێت: مەبەستى رۆمان وەسفکردنى کۆمەڵگانیە، چونکە بەدڵنیاییەوە رێگاى باشتر هەیە بۆ کردنى ئەم کارە، هەروەها بەهیچ شێوەیەک وەسفى مێژوو ناکات. وەلێ رۆمان تاکە هۆکارە هەموو سیماکانى بوونى مرۆیى ببینێت و وەسفیان بکات شیکاریان بکات و روونیان بکاتەوە. لێرەدا هەم لە ئەرکى رۆمان و هەم لەگرنگى رۆمان وەکو ژانرێکى ئەدەبى تێدەگەین و ئەوەش ئاشکرایە رۆمان بەرهەمى شار و شارستانیەتە و کاتێک ئاسۆى بیرکردنەوەو روانینى مرۆڤ فراوان بوو رۆمانیش لە دایکبوو.

ئەوەى ئەم نوسینە مەبەستیەتى قسەى لەسەر بکات رۆمانى(1984) ى(جۆرج ئۆروێل)ە کە یەکێکە لە رۆمانە جوانەکانى مێژووى رۆمانى جیهانى و هەڵگرى جیاوازیەکى تایبەتیشە لەئاست هەموو رۆمانەکانى سەدەى رابردوودا. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانى ئەم رۆمانە ئەوەیە قسە لەئایندە دەکات و سەرجەم روداو کاراکتەرەکانى لە(35) ساڵى داهاتووى مێژووى نوسینى رۆمانەکەدا دەژین،یان بونیادنراون. ئەمە خاڵێکى جەوهەرى و بنەڕەتى ئەم رۆمانەیە، هەروەها خاڵێکیتر  ئەو مۆرکە سیاسیەیەکە بەسەرجەم رووداو وکارەکتەر و فەزاى گشتى رۆمانەکەیە، کەم رۆمان هەیە هێندەى ئەم رۆمانەو رۆمانى(مەزراى ئاژەڵان)ى هەمان نوسەردا سیاسى بن، یان راستر بڵێین پانتایى سیاسەت لەم رۆمانانەدا بەرفراوانترە، هەروەها لەم رۆمانەدا قسە لەسەر بابەتێک کراوە کەسەرجەمى مێژووى مرۆڤایەتى پێوەى گیرۆدەیە و تەنها خەمى گەل و نەتەوەو چینێک نیە، بەڵکو ئەوەى لەم رۆمانەدا باسکراوە خەمى سەرجەمى مرۆڤایەتییە، کە ئەویش دیکتاتۆریەت و تۆتالیتاریزمە. گرنگى هەڵبژاردنى ئەم بابەتە لەوە دایە نوسەر درکى بەوە کردووە تاسەرمایەدارى پەرە بستێنآ تۆتالیتاریزمیش لەگەشەدا دەبێت و مرۆڤیش پێویستى بە هۆشیارى سیاسى رۆشنبیرى هەیە لەبارەیەوە. جۆرج ئۆروێل لە رۆمانى(مەرزاى ئاژەڵان)دا باس لە دەسەڵاتى دیکتاتۆریەت و حوکمى دیکتاتۆریانە دەکات لەڕێى ئاژەڵانەوە، بەڵام لە رۆمانى(1984) دەیەوێت لەپالڕ دەسەڵاتى دیکتاتۆریەوە تۆتالیتاریزمیش، کە دڕندانەترین شێوەى دیکتاتۆریە بخاتەڕوو.

جۆرج ئۆروێل لە(1903) لە هیندستان هاتۆتە دنیاوە ناوى تەواوى(ئەریک بلیر)ە و بەشێکى زۆرى ژیانى لە ریزى پۆلیسدا بەسەر بردووەو لەچەندین حزب و رێکخراوى سیاسیدا کاریکردووە و لەسەرەتادا دژى رژێمى سەرمایەدارى بووەو باوەڕى بە ئینتەرناسیۆنالیستانەى بووە، بۆیە کە جەنگى ناوخۆى ئیسپانیاوە دەستى پێکرد لە ساڵى(1937) چووە ریزى کۆماریخوازەکان و لەو شەڕەدا برینداربووە تێکشکاندنى بەرەى کۆماریخوازەکانى بەچاوى خۆى دیووە. ئۆروێل لەساڵانى جەنگى جیهانى دووەمدا شتى بۆ رادیۆى (بى بى سى) دەنوسى و لە(1942)دا یەکێک بووە لەنوسەرانى رۆژنامەى (تریبیون)و بەردەوام وتارى ئەدەبى و سیاسى تێیدا دەنوسى، پاشان لە رۆژنامەى (ئۆبزێرڤەر) پەیامنێر بووە و رۆمانى (مەزراى ئاژەڵان)ى لە ساڵى (1945) نوسیوەوە دوا کتێبیشى رۆمانى(1984) ئەم کتێبەى ئێمە دەمانەوێت لێى بدوێین لە ساڵى(1949)دا نوسیوەو ساڵێک پاشتر واتە ساڵى(1950) لەشارى لەندەن بەنەخۆشى سیل کۆچى دواى کرد. ئاماژە دان بەژیاننامەى ئەم نوسەرە بۆ بەرچاوڕوونى زیاترە لەسەر دنیابینى و کاریگەرى ژیانى تایبەتى نوسەرو رەنگدانەوەى لەبەرهەمەکانیدا.

ئۆروێل و سیاسەت و رۆمانى 1984

جۆرج ئۆرێل یەکێکە لەو نوسەرانەى کە هەموو، یان زۆرێک لەبەرهەمەکانى بۆنى سیاسەتیان لێدێت و ژیانى تایبەتیشى لەناو سیاسەتدا بەسەربردووەو ئەمەش رەنگدانەوەى لەبەرهەمەکانیدا هەبووە، هەروەک چۆن بەرهەمەکانى هەمەنگوایى رەنگدانەوەیەکى بەرچاوى ژیانى تایبەتى خۆى پێوە دیارە. هەمەنگوایى پاش بەشداریکردنى لە جەنگى یەکەمى جیهانى رۆمانى(ماڵئاواى لەچەک)ى نوسى کە کەسایەتى سەرەکى رۆمانەکە نزیکیەکى زۆرى لەگەلڕ خودى نوسەردا هەیە، هەروەها سانتیاگۆى راوچیش لە رۆمانى(پیرەمێردو زەریا)ى هەمەنگوایدا دیسان نزیکیەکى زۆرى لەگەلڕ خودى نوسەردا هەیە. لاى ئۆروێلیش لە رۆمانى(1984)دا نزیکیەکى زۆر لەنێوان کاراکتەرى سەرەکى رۆمانەکە (وینستۆن) و خودى نوسەردا هەیە و هەندێک لێکۆڵەر لە یادى سەد ساڵى لەدایکبوونى ئەم نوسەرەدا جەختیان لەسەر ئەمە کردەوە.

رۆمانى(1984)و مەزراى ئاژەڵان و بژى کەتەلۆنیا سآ رۆمانى بەناوبانگ و سیاسى ئەم نوسەرەن و بەسێینەى سیاسى ئوروێل دادەنرێت لە هەرسآ رۆمانەکەدا سیاسەت ئامادەیەکى بەرچاوى هەیە و هەتا هەندێک لە لێکۆڵەرەوان رۆمانى(بژى کەتەلۆنیا) بەیەکێک لە باشترین بەرهەمە ئەدەبیەکانى ئۆروێل دەزانن کە بە (راپۆرتێکى کلاسیک لەجەنگ) ناسراوە، لەم بارەیەوە(برخا)ى لێکۆڵەر دەڵێت: ئەم رۆمانە نوسینێکە بانتر لە سیاسەت و ئەوە یەکەمجار بوو کە ئوروێل ئەوەى لەئامانجیدا بوو جێبەجێى بکات، ئەویش تێکەڵکردنى ئەندێشە سیاسیەکان بوو لەگەلڕ ئەدەب. هاوکات رۆمانى(1984)یش یەکێکە لە بەرهەمەکانى ترى ئۆروێل کە سیاسەت هەوێنى تەواوى رۆمانەکەیە، یان وەکو مەریوان وریا قانیع دەڵێت: رۆمانى(1984) یەکێکە لە سیاسیترین رۆمانەکانى سەدەى رابردوو و  ئۆروێل-یش بە سیاسیترین نوسەرى سەدەى بیستەم دادەنێت. ئەم رۆمانە باس لە کەسێک دەکات بەناوى وینستۆن سمیس کە فەرمانبەرێکە لە دەوڵەتێکى دیکتاتۆرى چوار وەزارەتیداکە ئەمانەن: وەزارەتى راستى، وەزارەتى رێکەوتن، وەزارەتى ئەوین، وەزارەتى فراوانى. ئەم وەزارەتانە هەریەکە و بەشێوەیەک هەوڵى جوانکردنى رووى رێبەرى گەورە و حزب دەدات: وەزارەتى راستى کاروبارى هەوالڕ و سەرگەرمى و پەروەردە و هونەرە جوانەکان بەڕێوە دەبات. وەزارەتى رێکەوتن خەریکى جەنگە. وەزارەتى ئەوین یاسا رێک و پێکى لەسەرە. وەزارەتى فراوانى-یش کاروبارى ئابورى رادەپەڕاند. کارى وینستۆن لە فەرمانگەکەیدا سەر لە نوآ نووسینەوەى هەموو ئەو وتار و نوسینانەى رابردوو بوو کە لە رۆژنامە و بڵاوکراوەکاندا هەبوون تا رابردووى حزب ببێتە رابردوویەکى خاوێن. 

وینستۆن بیرۆکەى ئەوەى لادروست دەبێت کە دژبە حزبى دەسەڵاتدا بوەستێتە لەبەر پەیڕەوکردنى ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆریە لەوێوە بیرۆکەى (مەرگ بۆ رێبەرى گەورە) دێتە بیرى و پاشان هەوڵى قوتاربوون لەو رێو رەسمە حزبیەکان دەدات وەکو دواکەوتن لەدەوام، یان بەشدارى نەکردن لە هەفتەى رق، کە هەموو هاوڵاتیان تێدا بەشداربوون بۆ رقبونەوە لەدوژمنانى حزب، کە تێیدا وێنەى دوژمنى گەورەى حزب “عەمانوێل گۆڵدستەین” پیشان دەدرێت بۆ ئەوەى هاوڵاتیان رقیان لێى بێت. هەروەها وینستۆن دەفتەرێکى یادگارى دەکڕێت بۆ نوسینەوەى یاداشتەکانى تا لەودۆخە بێ مێژووییەى حزب دروستى کردووەو مێژووى گەل یەکسانە بەمێژوووى حزب و ئەوەى بە دڵى حزب نەبێت مێژوونیە، یان نابێت هەبێت، لەم دۆخەدا وینستۆن دەیەوێت لەرێى نوسینەوەى یاداشتەکانیەوە مێژوویەکى ونبوو بنوسێتەوە. مێژوویەک کە حزب دەیەوێت تەنها خۆى خاوەنى بێت. ئەم پیاوە دەزانێت ئەم کارە پڕمەترسیترین کارە کە هەڵیبژاردووە ورەنگە بێتە هۆى کوشتن و لەناوبردنى، بەڵام دەست بەنوسین دەکات و یەکەم دێڕ دەنوسێت(مەرگ بۆ رێبەرى گەورە).

دواتر متمانە بەکەسێک دەکات بەناوى(ئۆبراین) وادەزانآ ئەویش هەمان بیرکردنەوەى هەیە، بەڵام بەپێچەوانەوە دەردەچێت و وینستۆن دەگیرێت و جولیاش، کەئافرەتێکە خۆشەویستى وینستۆنە و پەیوەندى هاوڕێیەتىو سێکسیان لەگەلڕ یەکتردا هەیە ئەویش دەگیرێت،(ئۆبراین) تەعزیبى وینستۆن دەدات تا دواجار هەموو بیروبۆچونەکانى دژى رێبەرى گەورە لە مێشکیدا دەسڕنەوەو ئەوکات ئازادى دەکەن.

لێرەدا دەمەوآ  بگەڕێمەوە بۆ کاریگەرى بیرى سیاسى لە رۆمانەکانى ئەم نوسەرەدا، تایلۆر لەم بارەیەوە نوسیویەتى: ئەزموونى ئیسپانیا کاریگەریەکى زۆرى لەسەر ئۆروێل بەجێهێشتووە و بڕواى لەوەدا بەهێزە کە رۆح و سروشتى مرۆیى شکستى پێناهێندرێت. لەهەموو گرنگتر ئەوەیە ئاشناى کەش و دءخێک بووە کە دەیتوانى لە ئاست خۆیدا مەزنتربێت، چاندنى بێئومێدى یەکێکە لە کارە دیارەکانى هەر سیستمێکى دیکتاتۆرى وینستۆنیش زۆر بێئومێدە لە نوسینى یاداشتەکانى و پێیوایە نوسین و نەنوسینى هیچ کاریگەرییەکى نابێت و دواجار پۆلیسى خەیالڕ هەر دەیگرن.

بوون و جیاوازى

یەکێک لەو خاڵانەى لاى سەرجەم حزبە دیکتاتۆرەکان هێڵى سورە بوونى جیاوازیەو هەموو جیاواز مامەڵەکردن و بیرکردنەوەیەک لادانە لە پرنسیپە پیرۆزەکانى حزب. ئۆروێل لەم رۆمانەدا بایەخێکى زۆرى بەم بابەتەداوە .

حزبەکەى رێبەرى گەورە کە تەنها لەهەوڵى کۆنترۆڵکردنى ئێستادا نەبوون، بەڵکو دەیانوسێت مێژوو وەکو ئەوەى خۆیان دەیانەوێت مۆنۆپۆلى بکەن. واتە مێژووش وەکو ئەوەى تۆماربوون بسڕنەوە نەک لەکەیەکى بۆ رووى رێبەرى گەورە تێیدا بێت، هەروەها لەڕێى ئامێرى چاودێریکردنەوە کە هەموو شوێنێک و تەنانەت ناوماڵەکانیشى گرتبووەوە هەوڵى چاودێریکردنى هاوڵاتیانى دەدات و بەردەوام ئەو قسەیە دەدرایە گوێى خەڵک کە ڕێبەرى گەورە چاوى لێتە جیاواز بیر نەکەیتەوە. خۆ ئەگەر کەسێک بیرێکى جیاواز لە بیروبۆچوونى رێبەرى گەورەى هەبوایە تەنها مەرگ سزاکەى بوو، یان بەدەردى وینستۆن دەبرا. هەروەها دەبوایە هەموو کەسێک سآ دروشمە سەرەکیەکەى حزبیان لەبەر بوایە (شەڕ ئاشتییە، کۆیلایەتى ئازادییە، نەزانى هێزە).

بەهێزترین و گرنگترین خاڵێک کە رێبەرى گەورە پەیڕەوى دەکرد بۆ بەردەوامبوونى دەسەڵاتى چاندنى باوەڕى دووفاقانە بوو لەنێو خەڵکدا. لەیەککاتدا ئینسانێک بە شتێک بڵێت باش و خراپ. واتە بوونى هەموو شتێک لەبیرى مرۆڤدا هەڵگرى دوو بۆچوونى جیاواز بێت، ئەمەش بۆ ئەوەى ئەگەر کەسێک بۆچوونى خراپى لەسەر رێبەرى گەورە هەبێت، هاوکات خۆى بەدرۆ بخاتەوەو بڵێت زۆر باشە. چاندنى بیرکردنەوەى دووفاقانە (یان دووجەمسەرى) خاڵێکى بەهێزى نەهێشتنى بیرى جیاوازى بوولە نێو وڵاتدا، هەروەها چاندنى تۆوى جاسوسى لەنێو هەموو چین و توێژەکانى کۆمەڵداو هەتا لەناو خێزانەکاندا منداڵیان بەسەر دایک و باوکەوە دەکرد بە چاودێر و بۆ مەبەستى جاسوسى بەکاریان دەهێنا. ئۆروێل لەم بارەیەوە دەنوسآ: منداڵیان بەپێى بەرنامەى خۆیان پەروەردە دەکرد بۆ جاسوسێتى بەسەر دایک و باوکى خۆیانەوە، بەڕاستى خێزان ببو بە بەشێکى سەر پۆلیسى خەیالڕ.

لێرەدا کاتى ئەوە هاتووە باسى پۆلیسى خەیالڕ بکەین. پۆلیسى خەیالڕ شکرێک پۆلیسى نهێنین و حزب بۆ کۆنتڕۆڵکردنى بیرکردنەوە و رەفتارى هاوڵاتیان و کەس نەتوانێت نهێنى هەبێت و دواجار کەس تواناى بیرکردنەوەى جیاوازیشى نامێنێت، یان ترس لەبەرامبەر بیرکردنەوەدا دروست دەبێت ئەم ترسە کە لەڕێى پۆلیسى خەیاڵەوە دروست بووە، کارى سەرەکى کوشتنى هەستى تاکەکەسى و بوونى هەموو بوویەکى تایبەتییە، بوونى دەفتەرێکى یاداشت چەند سادەو ساکاربێت لەهەمان کاتدا یەکێکە لە قەدەغەترین شتەکان و پێشێلکردنى سنورى یاساکانى رێبەرى گەورەیە.

کاتێک وینستۆن زیندانى دەکرێت و لێکۆڵینەوەى لەگەلڕ دەکرێت لە ئۆبراین دەپرسآ (رێبەرى گەورەبوونى هەیە) ئۆبراین دەڵێت: دیارە حزب هەیە و رێبەرى گەورە سمبولیەتى. پاشان وینستۆن دەڵێت: وەک من هەم ئەویش وا هەیە. ئۆبراین دەڵێت: تۆنیت؟! گوتنى ئەم قسەیە هەروا سادە نییە، بەڵکو پڕ لە ئاڵۆزیە و واتە هەر کەسێک هاوشێوەى دیکتاتۆرەکان بیرنەکاتەوە بوونى نیە و تەنها هاوبۆچوونەکانى حزب بوونیان هەیە. وینستۆن پاش رامانێک دەڵێت: لەو باوەڕەدام من بوونم هەبێت. ئاگادارى پێناسەى خۆمم. هاتوومەتە دنیاوە و لە دنیاش دەڕۆم. دەست و پێم هەن. بۆشاییەک پڕ دەکەمەوە. دەبینین وینستۆن گومان لە بوونى خۆى هەست پێدەکرێت، بەڵام دڵنیاشە، کە هەیە. بێگومان ئەم خاڵە کرۆکى فیکرى تۆتالیتاریزم دەخاتە روو و ئۆبراین ئەوەش بەوینستۆن دەڵێت: دەسەڵاتى حزب هەمیشەییە، ئەمە لەسەر تەختەى خەیاڵى خۆت تۆمار بکە. هەروەها ئۆبراین دەڵێ: حزب تەنها لە پێناوى خۆیدا دەسەڵاتى دەوآ، حەقتان بەسەر خێر و بێرى خەڵکەوە نیە. تێدەگەین کە حزبەکەى رێبەرى گەورە تەنها خەمى پاراستنى کورسى دەسەڵاتە و گرنگ نییە چى لەوڵاتدا دەگوزەرآ. دوژمنى حزبیش تەنها بوونى ئەوانەیە کە جودا لە حزب بیردەکەنەوەو دەیانەوێت بەشوێن حەقیقەتى تردا بگەڕێن، چونکە حەقیقەت تەنها ئەو حەقیقەتەیە کە حزب باوەڕى پێیەتى. بۆ نمونە نوسەر ئاماژە بەوە دەکات کە(2+2=5) ئەمە پەسەندکراوى حزبە هەر کەس بڵێت: (2+2=4) ئەوە لە پرنسیپەکانى حزب لایداوەو حەقیقەتى(2+2) تەنها پێنجە. لەسەر ئەمە دەیان کەس لەزیندانەکاندا ئەشکەنجە دەدرێن وینستۆنیش کەسێکە لەوانە و ئەو سەرەتا هەر دەڵێت: (2+2=4)، بەڵام ئۆبراین دەڵێت:(2+2=5) دواجار لەژێر ئەشکەنجەدا حەقیقەتى حزبى پێدەسەلمێنآ کە(2+2=5) وینسۆن دەڵێت: دەکاتە هەزار. رێبەرى گەورە دەیەوێت ئەوە بخاتەڕوو کە یەک سەردەم نەبآ کە حزب لەسەر حەقە سەردەمىتر بوونى نیە. نموونەى حزبى دیکتاتۆرى لە هەر جێیەکى دنیابێت وەکو یەکە. سەدام حسێنى دیکتاتۆریش هاوشێوەى رێبەرى گەورە مامەڵەى دەکرد و تەنها هاوبۆچوونانى ئەو دەیانتوانى ببن و ئەو جودا بوایە لە بیرى ئەو بوونى دەسڕایەوە، واتە سڕینەوەى بوونە جیاوازەکان یەکێکە لە تایبەتمەندیە دیارەکانى سیستمى تۆتالیتارى.

ترس لە زەمەن

یەکێکی تر لە تایبەتمەندیە دیارەکانى دەسەڵات و سیستمى دیکتاتۆرى ترسە لە ئایندە، چونکە گومانى لە بەردەوامبوونى ئەو ستەمانە هەیە کە دەیکات و ترس لە لەدەستدانى کورسى دەسەڵاتى هەیە. ناپلیۆن پۆناپارت دەڵێت: بآ مێشکەکان هەرباسى رابردوو دەکەن، ئاقڵەکان لە بیرى ئێستادان و شێتەکانیش باس لەداهاتوو دەکەن. یان لەشوێنێکى تردا دەڵێت: پیاو ئەگەر دڵى بەهێز بێت ئایندە بەلایەوە بچووکە. بەڵام ئێمە دەزانین ناپلیۆن یەکێک بووە لەدیکتاتۆرەکانى مێژووى مرۆڤایەتى و ویستویەتى هەمیشە لەبیرى ئەوپلانانەدا بێت کە لە ئێستادا لێى دەکرێت، بۆیە: زۆر گرنگى بەئایندە نەداوە. بەڵام ئۆروێل بەپێچەوانەى ناپلیۆنەوە لەم رۆمانەیدا(1984) پێشبینى ئایندەى ئەوروپاى کردووە، ئەگەرچى پێشبینیەکەى ئۆرویل کە لەساڵى(1949) کردبووى وەکو ئەوە دەرنەچوو، بەڵام نزیکیەکى زۆرى هەبوو لەو جیهانەى نوسەر پێشبینى کردبوو.

یەکێک لەدروشمەکانى حزب ئەوەیە ئەوەى رابردوو دەستەمۆ بکات جڵەوى ئایندەى لەدەستدایەو ئەوەى بەسەر ئێستادا زاڵ بآ جڵەوى رابردووى بەدەستەوەیە. ئەم دروشمە کتومت لەحزبدا پەیڕەو دەکرێت و ئیشى وەزارەتێکیش تەرخانە بۆ جوانکردنى رابردوو لە پێناو ئایندەدا یەکێک لە تایبەتمەندییەکانى دیکتاتۆرەکان ئەوەیە ترسیان لە مێژوو و زەمەن هەیە لە مێژوو دەترسن، چونکە رابردوویانە، یان دەبێتە رابردوو. هاوکات لەخەمى ئێستاى دەسەڵاتیاندان، چونکە بناغەدانەرى ئایندە لە ئێستادایە، هەروەها لە ئایندەش دەترسن، لەبەر ئەوەى دڵنیانین لەوەى ئایندە لەبەرژەوەندى ئەواندایە و رەنگە بگۆڕدرآ، یان ئەگەرى گۆڕانى هەیە. من کۆى ئەم ترسانە ناودەنێم ترس لە زەمەن. ترس لەزەمەنیش هەناوى هەموو دیکتاتۆرێکى گرتووە تێپەڕبوونى هەرچرکەیەک تێپەڕبوونى ژیانێک کە دەبێتە مێژوو. شێواندن، یان دەستکاریکردنى مێژوو لەلایەن حزبى رێبەرى گەورەوە بەشێکە لەزامنکردنى ئێستاو ئایندە. نوسینەوەو داڕشتنەوەى سەرجەم وتارو شیعرەکانى رابردوو کە دەبێتە ئەرکى وەزارەتى (راستى)و تەرخانکردنى ئەو وەزارەتە تایبەتمەندە بۆ ئەو بوارە سەلمێنەرى کۆى قسەکانى پێشوومانە. هەروەها رێبەرى گەورە دەیەوآ ئەو رابردووە لە زەمەنێکى زۆرکەمدا بگۆڕدرآ بەشێوەیەک کە هیچ هاوڵاتیەک هەستى پێنەکات.

ئۆروێل لە زمانى وینستۆنەوە ئەم حاڵەتە دەخاتە روو دەنوسێت: رابردوو نەک هەر گۆڕاوە وبەس، بەڵکو رووداوەکان خۆبە خۆى خۆیان سڕاونەتەوە، چونکە دەسەپێنرێت. سەپاندنى بیروبۆچوون یەکێکىترە لەسیما هەرە دیارەکانى دیکتاتۆرە ئەو دەیەوێت لەڕێى ئەوەوە هەموو کەسێک بکاتە کۆیلەى خۆى تا کڕنوشى بۆ بەرن. لێرەشدا تاک دەسڕێتەوەو کۆمەڵگە دەبێتە مێگەلێک. ئۆروێل خەمى سەرەکى ونبوونى تاک بووە لەنێو گەمەکانى حزب و رێبەرى گەورەدا.ئەم نووسەرە لە وتارێکدا نوسیویەتى: کێشەى سەرەکى سەردەمى ئێمە کەمبوونەوەى باوەڕە بە مانەوەى هەمیشەیى تاک.

تاک لەهەموو کۆمەڵگەیەکدا گرنگیەکى تایبەتى هەیە و پەیدابوونى تاک، یان راستر بڵێم تاکگەرى یەکێکە لە سیما دیارەکانى گەشەسەندنى شارستانى و داهێنان و ئەو کۆمەڵگانەى تاک تێیدا ئازادە و کۆمەڵگەى کراوەن بەڕووى چالاکیەکانى تاکدا. بەشێوەى خێراو سەر سوڕهێنەر ژیان تێیاندا گەشەسەندن بەخۆوە دەبینێت، بەڵام ئەو کۆمەڵگایانەى کۆمەڵگەى داخراو و خێڵەکى و دیکتاتۆرین تاک تێیاندا ئامادەیى نییە و کۆمەڵگەى (کۆ)ن و هەموو بڕیارەکان دەستە جەمعین، ئەمەش کاریگەرییەکى راستەوخۆى لەسەر دەرنەکەوتنى تواناى تاکدا هەیە. دیکتاتۆرەکان هەمیشە لەراى جیاواز و بیرکردنەوەى جیاوازى تاک دەترسن، بۆیە ئۆروێلیش خەمى ئەم حاڵەتەدایە ئەو لە (مەزراى ئاژەڵان) و (1984)دا دوو ئاگادار کردنەوەى کوشندە و ترسناکى نووسیوە سەبارەت بەوەى ئەگەر کۆمەڵگا بە گوێرەى یاسا مارکسیست-لینینەکان بەڕێوە بچێت مەترسى زۆر دەبێت، وێڕاى ئەوەى کە ژیانى بۆرژوازى رەد دەکاتەوە و خۆشى لە رۆمانى (1984)دا چەند جارێک دەنوسێت: تەنها هیوایەک هەبێت تەنها پڕۆلیتارە. ئۆروێلیش وەکو کارل پۆپەر نایەوێت هیچ سیستمێکى سیاسى و ئایدیۆلۆژى تەوق بکاتە ملى تاک و تاکبوون لە تاک بسەنێتەوە، یان زەوتى بکات. کارل پۆپەر لە کتێبى “کۆمەڵگەى کراوەو دوژمنەکانى”دا بەوردى باس لەم حاڵەتە دەکات و پێیوایە نەکۆمارەکەى ئەفلاتون و نەمارکسیزم و هێگڵیەت ناتوانن ژیانێکى ئازادانە بۆ تاک دەستەبەربکەن، بۆیە دواجار کارل پۆپەر بەدوژمنى کۆمەڵگەى کراوەیان دادەنێت.

سەدەى دیکتاتۆرەکان

سەدەى بیستەم سەدەى دەرکەوتنى دیکتاتۆرە گەورەو بچوکەکان بوو، سەدەى جەنگ و مرۆڤکوژى بوو، سەدەیەک بوو زۆرترین خوێنى مرۆڤى بەناحەق تێدا ڕژا. دەکرێت ئەم سەدەیە دەیان تەفسیر و خوێندنەوەى جۆراوجۆرى بۆ بکرێت. ئۆروێلیش وەکو نەوەى ئەو سەدە جەنجاڵەو کاریگەرى ئەو جەنجاڵیانە لەسەر بیرکردنەوەو نوسینى ئەم پیاوە بە ئاشکرا هەست پێدەکرێت. ئۆرویل لە (مەزراى ئاژەڵان)دا باس لەیەکێک لە دیکتاتۆرترین مرۆڤەکانى سەدەى نۆزدە دەکات کە ناپلیۆنە و لە(1984)یشدا باس لەسەرجەم دیکتاتۆرەکان دەکات و پێموایە لەسەر و هەمووشیانەوە (ستالین) هەوێنى سەرەکى رۆمانەکەیە و ئەو بە (رێبەرى گەورە) هێماى بۆ کراوە.

ئێمە پێشتر ئاماژەمان بە چەند تایبەتمەندیەکى دیارى سیستمى دیکتاتۆرى کرد، بەڵام ئۆروێل لەمەش قوڵتر رۆیشتووە و ئەو هێما بەوەش دەکات کە دیکتاتۆرە نوێکان بن، بەواتایەکى تر خۆیان بزواندنى هەموو هەستە مرۆیەکانى ئینسان قۆرغ بکەن. لەنێو ئەمانەشدا هەستى ئەوین و خۆشەویستى. وینستۆنى پاڵەوانى رۆمانى (1984) لەگەلڕ کچێکى قەشەنگ بەناوى (جولیا) پەیوەندى دەگرآ. سەرەتاى دروستبوونى پەیوەندیەکە لەژێر گوشارێکى دەروونى توندو ترسێکى لەرادەبەدەر کاریگەر لەژیانى وینستۆن دەستى پێکرد و پاشانیش بوونى پەیوەندى خۆشەویستىو پاشان سێکس لەنێوان جولیاو وینستۆندا ئەوەندەى تر پەیوەندى نێوان ئەم دوو تاکە مەترسیدارتر دەکات، بەڵام هەردووکیان حەز بەو گەمە ترسناکە دەکەن و ئاگادارى هەموو مەترسیەکانیش. هەروەها ژیان بەگشتى بەهۆى بیرکردنەوەى جیاوازەوە لەمەترسیدا بوو و هەرکەسآ بیرکردنەوەى جیاوازى هەبوایە، یان پەیوەندیەکى هەبوایەو حزب ئاگادارى نەبوایە ژیانى دەکەوتە مەترسیەوە. حزب دەیویست ئاگادارى پەیوەندیە سێکسیەکانى خێزان و هەتا منداڵ دروستکردنیش بێت، بۆ ئەوەى کۆى سیستمێکى کۆمەڵایەتى کۆمەڵگە بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆیەوە، چونکە دەیویست بەپێى بەرنامەى دیاریکراو مندالڕ پەروەردە بکرێ بۆ جاسوسێتى بەسەر دایک و باوکەوەو هانیان دەدات لەرێى لادانیان بۆ حزب ئاشکرا بکەن، وەک پێشتریش ئاماژەم پێدا خێزان ببوە بەشێک لە پۆلیسى خەیالڕ. ئەم پەروەردەیە دەبێتە هۆى تێکدانى یەکجارەکى شیرازەى کۆمەڵگە هەروەک چۆن رژێمى بەعس لە کوردستاندا توانى پەیڕەو بکات و تا ئێستاش ئاسەوارى ئەو یاسا شۆڤێنیانەى بەعس بوونیان هەیە.

چۆنێتى بەکارهێنان و بەکارخستنى دەسەڵات یەکێکە لە ئەرکە لە پێشینەکانى دیکتاتۆرەکان. ئۆبراین لە کاتى ئەشکەنجەدانى وینستۆندا لە پێناسى دەسەڵاتدا دەڵێت: دەسەڵات ئەوەیە ئازار و سەرپێشۆڕکردن بخولقێنآ. دەسەڵات ئەوەیە مۆخى مرۆڤ لەتوپەت بکەیت و سەرلەنوآ بەشێوەیەکى دى، وەک خۆت گەرەکتە دایبڕێژیتەوە. بێگومان ئەمە پەیام و مەرامى سەرەکى هەموو دەسەڵاتێکى  دیکتاتۆرەیە و دەنا پێناسەى دەسەڵاتى دیموکراسى کتومت پێچەوانەى ئەمەیە. هەروەها لە دەسەڵاتى  دیکتاتۆرەیدا وەکو ئۆروێل ئاماژەى پێدەدات حزب هەرچەندە دەسەڵاتى زیاد بکات ئەوەندەش لێبووردنى کەم دەکات. دواتر ئۆبراین بە وینستۆن دەڵێت: گرنگترین شت ئەوەیە هەمیشە بەبادەى دەسەڵات مەست بین. دواتر دەڵێت: دەسەڵات کاتێک دەسەڵاتە کەبەسەر خەڵکدا بێ، بەسەر جەستەیاندا، بەڵام زیاتر بەسەر هۆشیاندابآ. واتە لەهەر سیستمێکى دیکتاتۆریدا گرنگ کپکردنى جەستەیى تاکەکانى کۆمەڵگە نیە، بەڵکو لەهەموو گرنگتر کپکردنى عەقلڕ و بێهۆشکردنیانە تا زیان بە بەرژەوەندى حزب و دەسەڵاتى رێبەرى گەورە ئەگەیەنن. ئۆروێل لەم رۆمانەیدا زۆر ورد حزب بەئەمیر و دەسەڵات بەهەمیشەیى دادەنێت و دەنوسێت: دەسەڵاتى حزب هەمیشەییە. لێرەدا هەمیشەیى بوونى دەسەڵات رێگەبە یەکڕەنگکردنى ژیان و بیرى مرۆڤەکان دەدات و تواناى داهێنەران خەفەدەکرێت و مرۆڤە توشى گومان دەکات لەبوون و ماناى ژیانى خۆى.

بەرلەکۆتایى

سیحرى نوسین لاى ئۆرویل تەنها لەوەدانیە کە سیاسەت هەوێنى بەرهەمەکانیەتى، بەڵکو عەشقى ئافرەتیش یەکێکى ترە لەلایەنەکانى رۆمانى(1984). وینستۆن تارادەى ئەوینێکى باڵا جولیاى دەپەرست و ئەویندارى بوو. دەتوانین بڵێن ئەم نوسەرە لەرێى ئەم رۆمانەوە گرنگى بە دووخاڵى جەوهەرى داوە خاڵێک عەشق بۆ ئەوینێکى هەمیشەیى کە ئۆرویل لە ژیانى شەخسى خۆشیدا تا دواساتەکانى ژیان بەدوایدا وێلڕ بووە. هەروەها عەشقێکىتر بۆ ئازادى و نوسین لەپالڕ ئازادیدا ئۆروێل دەیەوێت بنوسآ و هەموو ژیانى بۆ نوسین تەرخان بکات. نوسین لاى ئۆرویل تەنها لایەنێکى ژیان نیە، بەڵکو کۆى ژیان لەرێى نوسینەوە دەکرێت جوانتر بکرێت. لە دوا ساڵەکانى تەمەنیدا ئەم نوسەرە بەهۆى نەخۆشیەوە توشى گرفتاریەکى زۆر بووە و هەتا گەیشتە ئەوەى پزیشکەکانى رێنمایى ئەوەیان کرد کە دەبێت ئیدى پشوو بدات و نوسین وەلاوە بنێت.

هەندێک لە ژیاننامەنوسانى ئەم نوسەرە پێیانوایە پشتگوێ خستنى ئەم رێنماییانە و حەزى توندى بۆ نوسین مەرگى ئۆرویلى لێکەوتەوە، چونکە ئۆروێل رۆمانى(1984)ى لەسەرەتاى تەمەنى(46) ساڵیدا نوسى کە پاش ساڵێک ئۆروێل مرد ئەو لە دواساتەکانى تەمەنیدا بەشێوەیەکى بێبەزەییانە خەریکى نووسین بوو و لە  هەفتەیەکدا سآ رەخنە، یان خوێندنەوەى کتێبى دەرکرد و وتاریشى بۆ رۆژنامەکانى ئینگلتەرەو ئەمریکا دەنوسى و سەرەڕاى ئەوەش کارى لە هەر دوو رۆمانى(مەزراى ئاژەڵان)و(1984)دا دەکرد.

سۆمەرست مۆم دەڵێت: لەو بڕوایەدام بەلزاک گەورەترین رۆماننوسە کە تائێستا جیهان لەئامێزى گرتووە، بەڵام پێموایە رۆمانى(جەنگ و ئاشتى) تۆڵستۆى گەورەترین رۆمانى دنیایە. راستە رۆمانى جوان هەن و هەر رۆمانێک هەڵگرى بەشێک لە داهێنان و جوانییە، بەڵام رۆمانى(1984) لەو رۆمانانەیە مرۆڤ پاش خوێندنەوەی ناتوانآ بێدەنگ بێت و بیرنەکاتەوە. ئەم دەقە هێندە زیندووە کە جوانى خۆى لە هەموو سەردەمێکدا لەدەست نادات، چونکە ئەوەى ئەم رۆمانە پێمان دەڵێت هیچ رۆمانێکى تر، یان رەنگە زیادەڕەوى نەبێت بڵێم هیچ کتێبێکى تر ناتوانآ ئەوەمان پێبڵێت، بۆیە چەندە خوێندنەوەى کتێبە پیرۆزەکان بۆ مرۆڤە ئاینیەکان گرنگە خوێندنەوەى ئەم کتێبەش بۆ ژیانى هەموو مرۆڤێک گرنگە و بەتایبەتیش ئێمەى کورد کە بەدرێژاى مێژوو لە ژێر ستەمى دیکتاتۆرەکاندا ژیانمان گوزەراندووە.

بۆ نوسینى ئەم بابەتە سودم لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:
1-جۆرج ئۆروێل، 1984 –رۆمان، وەرگێرانى: حەکیم کاکەوەیس، لەبڵاو کراوەکانى دەزگاى چاپ و بڵاوکراوەى ئاراس ساڵى 2005.

2- جۆرج ئۆروێل، مەزراى ئاژەڵان (رۆمان)، وەرگێڕانى: ئازاد مستەفا و محەمەد شاکەلى، چاپى دووەم- سلێمانى 2000.

3- میلان کۆندێرا، پێکەنین و بیرچوونەوە، ئاوات ئەحمەد، لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى چاپ وپەخشى سەردەم 2002.

4-عەبدوالڕەحمان مونیف، تیشکێک بۆ سەر رۆمان، شیرین. ک، لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى چاپ وپەخشى سەردەم 2006

5-مەریوان وریا قانع، دیکتاتۆریەت  و تۆتالیتاریزم، سەردەمى رەخنە، ژمارە(2) زستانى(2005)، لە بڵاوکراوەکانى دەزگاى چاپ وپەخشى سەردەم.

6- رەزامەنوچێهرى خوێندنەوەیەکى نوێى ژیانى جۆرج ئۆروێل، گۆڤارى هەنار ژمارە (10) لە بڵاوکراوەکانى بەڕێوەبەرایەتى چاپ و بڵاوکردنەوەى سلێمانى.

2 بۆچوون بۆ “دۆزینەوەى مێژووە ونبووەکانى تاک، لە سەدەى دیکتاتۆرەکاندا”

  1. ئازاد ئارمان

    به‌رێز كاك ئارام سدیق
    سڵاوی گه‌رم.
    ده‌ستت كۆش بۆ ئه‌م به‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی نووسه‌ری ناودار جۆرج ئۆروێل. به‌ راستی باسه‌كه‌ت له‌ شوێنی خۆیدا بوو. به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی خوینه‌ری كورد زمان ئاشنایه‌تی زۆر كه‌می هه‌یه‌ له‌ سه‌ر جۆرج ئۆروێل. من خۆم رۆمانی ١٩٨٤ م نه‌خوێندۆته‌وه‌، به‌لام به‌ فلیم بینیوومه‌. ئه‌م په‌رتووكه‌ زۆر گرنگه‌ ئێستا له‌ ئوسترالیا له‌ پۆلی شه‌شی ئاماده‌یی له‌ قوتابخانه‌كان وه‌كو ده‌رسی مه‌كته‌ب ده‌یخوێنن. كچه‌كه‌ی من وه‌كو یه‌كیك له‌و خوێندكارانه‌ ئه‌م په‌رتووكه‌ی خوێندۆته‌وه‌.
    من خۆم په‌رتووكی هۆمیچ تو كه‌ته‌لۆنیا (Homage to Catalonia) و قه‌ڵای ئاژه‌لان و چه‌ند لێكۆلینه‌وه‌یه‌كم خویندۆته‌وه‌. به‌ راستی زۆر شتی جوانی تیایه‌ هه‌م له‌ ناوه‌رك و هه‌م له‌ شێوه‌دا.
    سه‌رنجێكیش له‌ سه‌ر باسه‌كه‌ت تۆ باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌یت كه‌ جۆرج له‌ رۆمانی قه‌ڵای ئاژه‌ڵان باسی ناپلیۆن ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وه‌ی من لێیتێگه‌یشتبم له‌م رۆمانه‌ی دا باسی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر (شۆڕشی ڕوسیا) ده‌كات به‌ تایبه‌تی ده‌وری ستالین و لیۆن ترۆتسكی. له‌م رۆمانه‌دا باپلیۆن ستالینه‌ و سنوبور ترۆتسكی یه‌. جۆرج له‌ شۆڕشی ئیسپانیا و دواتریش خۆی به‌ ترۆتسكست ده‌زانی. به‌شداریشی له‌ شۆڕشی ئیسپانیا (به‌رشلۆنه‌) له‌ گه‌ل پارتی كرێكارانی ماركسیستی یه‌كگرتوو بووه‌ كه‌ به‌ (پۆم) ناسراون.

    كاك ئارام دوو پرسیار؟
    ئه‌م رۆمانه‌ی(١٩٨٤) به‌ كوردی جۆن ده‌ست ده‌كه‌وێت؟ ئه‌گه‌ر له‌ مالپه‌ره‌كان هه‌یه‌ تكایه‌ ئاگادارم بكه‌ره‌وه‌.
    ئه‌گه‌ر پێت خۆشه‌ ئه‌م باسه‌ی تۆ بلاو ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ ماڵپه‌ره‌كه‌ی خۆمان؟
    له‌ گه‌ل سلاوی دووبارم
    ئازاد ئارمان

  2. ئارام سدیق-سلێمانی‌

    سڵاو كاكه‌ ئازاد
    سوپاس پۆ سه‌رنجه‌کانت و سوپاس بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ وتبوون ئۆریل مه‌به‌ستی‌ ناپلۆن نییه‌ مه‌به‌ستی‌ ستالینه‌ و پێده‌چێت وابێت ومن به‌هه‌ڵه‌دا چووبن به‌ڵام دیكتاتۆر هه‌ر دیكتاتۆره‌ و له‌ راستیدا له‌ كاتی‌ نووسنی‌ ئه‌و وتاره‌دا من بیرم بۆ ناپلۆن چووه‌.
    به‌ڕێزم ئه‌و رۆمانه‌ له‌ ساڵی‌ (2005) له‌ ده‌زگای‌ ئاراس چاپ بووه‌ و له‌نێو بازاری‌ هه‌ولێر یان سلێمانی‌ به‌ ئاسانی‌ ده‌ست ده‌كه‌وێت. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا له‌نێو ماڵپه‌ڕه‌كاندا نه‌مبینیوه‌، بۆیه‌ پێده‌چێت له‌نێو ماڵپه‌ڕه‌كاندان نه‌بێت.
    ده‌رباره‌ی‌ ئه‌وه‌شی‌ كه‌ له‌ سایته‌كه‌تدا بڵاوی‌ ده‌كه‌یته‌وه‌ تۆ ئازادی‌ نه‌ك له‌ سایت له‌ هه‌ر شوێنێ‌ بڵاوی‌ ده‌كه‌یته‌وه‌ ئه‌و نووسینه‌ ئه‌وه‌نده‌ موڵكی‌ منه‌ تا بڵاو نه‌بۆته‌وه‌، كه‌ بڵاوبوویه‌وه‌ خوێنه‌ر هه‌موو مافێكی‌ هه‌یه‌.
    دووباره‌ سوپاس بۆ سه‌نجه‌كانت…
    ئارام سدیق-سلێمانی‌
    27\4\2008

:بۆچوونێك بنوسه‌