گەمەى گێڕانەوە لە نووسینەوەى دڕکدا

نووسه‌ر: ئارام سدیق 

رامانێکى کورت لە “نووسینەوەى دڕک” ى”ئارام کاکەى فەلاح”
یەکێک لە جوانییەکانى ئەزموونى هەر چیرۆکنووسێک ئەوەیە کە هەندێک سنوورى تەقلیدى نێوان دەق و خوێنەر تێکبشکێنآ. هەمیشە ئەو نووسەرانەى کە سنوورەکانى نێوان (دەق و خوێنەر) بە موقەدەس دەزانن نوسەرانێکن لە یەک دەلاقەوە لە دەق دەڕوانن و دەق وەک بوویەکى پیرۆز تەماش دەکەن و سڵیش لە خوێنەر دەکەنەوە کە بە شتى نوێى ئاشنا بکەن. بێگومان ئەمە بەو مانایە نا کە نووسەر لە رێى تەمومژەوە خوێنەر بە لاڕێدا ببات. من هەرگیز لەگەلڕ ئەوەدا نیم، بەڵام ئەوەى گرنگە ئەوەیە کە نووسەر بەگشتى و  چیرۆکنووس بە تایبەتى پێویستە بەردەوام دنیابینى نوآ لاى خوێنەر دروست بکات و خوێنەر توشى رامان بکات. بە وردبوونەوە لە ئەدەبى جیهانى دەبینین ئەو دەقانەى خوێنەریان توشى رامان و سەرسامى کردووە دەقگەلێکن بە نەمرى ماونەتەوە.

 

ئەگەر ئێمە بێین قسە لەسەر چیرۆکى کوردى بکەین بەدەر لەوەى ئێمە دەقى زۆرمان هەیە بەناوى چیرۆک، بەڵام چیرۆک نین و تەنها گێڕانەوەیەکى سەرپێییانەن و خوێنەر کە تەواو دەبێت لە خوێندنەوەى پرسیارێکى لا دروست نەبووە، یان نەوروژاوە و رەنگە پاش کەمێک بیرى بچێتەوە، بەڵام چیرۆکى هونەرى و نەمر ئەو چیرۆکەیە خوێنەر تووشى رامان دەکات و پرسیارى لادەوروژێنێت، پرسیارگەلێک کە خوێنەر بە ئاسانى خۆى لەدەستى قوتار ناکات. هەروەها پێدەچێت زۆرجار دەقیش بە سانایى خۆى نەدات بەدەستەوە. نموونەى ئەو جۆرە دەقانەى کە بەسانایى خۆیان نادەن بە دەستەوە دەکرێت ئاماژە بە چیرۆکەکانى “عەتا محەمەد” بکەین کە زۆرجار لەگەلڕ ئەوەى زمانێکى سادە و تەکنیکێکى سادەش بەکارهاتووە و باس لە مەسەلەیەکى سادەس دەکەن، بەڵام کۆدەکانى چیرۆکەکە بە ئاسانى ناکرێنەوە و خوێنەر لەگەلڕ ئەو دنیایەدا پەلکێشى بیرکردنەوە و رامان دەکەن. بێگومان مەبەست لە سادەیى ئەوەیە کە خوێنەر بەلاڕێدا نابات.

ئەوەى مەبەستى سەرەکى ئەم نووسینەیە قسەکردنە لەسەر “نووسینەوەى دڕک” کە کۆمەڵە چیرۆکێکى نوێى “ئارام کاکەى فەلاح”ە کە پێنج چیرۆک و چاوپێکەوتنێکى نووسەرى تێدایە، چیرۆکەکان پێشتر لە بڵاوکراونەتەوە، بەڵام کۆکردنەوەیان لەم کتێبەدا و بڵاوکردنەوەیان دووبارە کارێکى باشە، چونکە پێشتر من تەنها دوان لەو چیرۆکانەم بینیبوو. ئەم چیرۆکانە ئەزموونێکى نوێکى نووسەرە کە پاش کۆمەڵەى “وێنەکان دووبارە دەبنەوە” نوسیویەتى. لەم ئەزموونە ئارام بەشێوازى نوآ دەگێڕێتەوە و خوێنەر داوەت دەکات. کاتێک چیرۆکى یەکەمى ئەم کۆمەڵەیە دەخوێنیتەوە نووسەر لە چیرۆکى یەکەمەوە داوەتت دەکات بۆ خوێندنەوەى چیرۆکەکانى دواتر. بەتایبەت سآ چیرۆکى یەکەم داوەتکردنى خوێنەرى تێدایە. با لێرەدا کەمێک لەسەر ئەم داوەتکردنە بوەستم. لە چیرۆکى یەکەمدا نووسەر بەسەرهاتێک دەگێڕێتەوە و سەرەداوى چیرۆکێک بۆ خوێنەر فڕێ دەدات و چیرۆکى دووەم لەسەر ئەو سەرەداوەى چیرۆکى یەکەم بینا دەکات. هەروەها لە چیرۆکى دووەمیشدا هەمان گەمە دووبارە دەکاتەوە. تا وات لێدەکات بەناچارى سآ چیرۆکى یەکەم بخوێنیتەوە. ئەم تەکنیکە یەکێکە لە جوانییەکانى ئەم سآ چیرۆکەى “ئارام کاکەى فەلاح” و من وەک خوێنەرێک چێژێکى زۆرم لەو گەمەیە بینى لە گێڕانەوەدا، کە پێشتر لە نێو چیرۆکى کوردیدا زۆر کەم کراوە، یان هەر نەکراوە.

یەکێکى تر لە جوانییەکانى ئەم کۆمەڵە چیرۆکە ئەو زمانە سیحرییەیە کە نووسەر پێى دەگێڕێتەوە و خوێنەر ناچارى خوێندنەوە دەکات بەتایبەت لە سآ چیرۆکى یەکەمدا کە هەرسێکیان دەکرێت لەیەککاتدا درێژکراوەى یەکتربن و چیرۆکى جیاش بن. ئێمە لەسەرەتادا باسمان لە پەیوەندى نێوان دەق و خوێنەرکرد، ئارام لە نووسینەوەى دڕکدا لەو نووسەرانەیە کە پەیوەندییەکى پتەوى لەگەلڕ خوێنەردا دروست کردووە، ئەوەش تەنها بەوەنا کە پێشتر ئاماژەم پیدا کە پێکەوە بەستنى سآ چیرۆکى یەکەمە، بەڵکو ئەو تەکنیکى گێڕانەوەیەى کە هەر لەیەکەم دێڕەوە خوێنەر ناچار بە خوێندنەوە دەگات، گێڕانەوەیەک سادە، بەڵام چێژبەخش و سەرنجراکێش.

ئارام کاکەى فەلاح لەم ئەزموونەدا ئەو سنوورە تەقلیدیانەى نێوان سیانەى (نووسەر، دەق، خوێنەر) تێکدەشکێنێت و لەسەرەتاى چیرۆکى یەکەمدا ناسنامەى خۆیشى ئاشکرا دەکات و بەمشێوەیە دەست پێدەکات: من ناوم غەریبە، غەریب ریکۆرد، رەنگە پێتان خۆش بێت….چیرۆکى دووەمیش کە بەناوى “ئەو پیاوەى بوو بە بەرد” بەوە دەست پێدەکات” نازانم دەمناسنەوە یان نا من غەریبم، غەریب ریکۆرد. چیرۆکى سێیەمیش کە ناوى “حوزنى میوانێک بەتەنیش ژیاندا دەڕوات”ە بەوە دەست پێدەکات: ئەوە دیسانەوە منم، غەریب ریکۆرد. لێکچوون و گرێدانى هەرسآ چیرۆکى یەکەمى ئەم کتێبە یەکێکە لە گەمە جوانەکانى ئەم کۆمەڵە چیرۆکەى ئارام و من تەواو بەم تەکنیکە لە گێڕانەوەدا سەرسام بووم و دەکرێت وەک ئەزموونێکى نوێى ئەم چیرۆکنووسە سەیرى بکەین، کە پێموایە ئارام لەو چیرۆکنووسانەیە دەیەوێت خوێنەر هاوسەفەرى ئەو دنیا فەنتازى و خەیاڵیەبێت کە ئاسۆفراوانیى دەبەخشێت و هەڵگرى دنیابینى نوێیە.

*”نووسینەوەى دڕک”  کۆمەڵە چیرۆک، “ئارام کاکەى فەلاح”، لە بڵاوکراوەکانى کۆمپانیاى ئاوێنە، ساڵى 2007.

:بۆچوونێك بنوسه‌